13-06-2010 كاره‌بای نیشتمانی ده‌گه‌یه‌نرێته حه‌وت گوندی شارباژێڕ
له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و زیاتر خزمه‌تكردنی دانیشتوانی گونده‌كانی كوردستان و گه‌یاندنی تۆڕی كاره‌بای نیشتمانی بۆیان، له‌سه‌ر بودجه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی كاره‌بای سلێمانی به‌بڕی 976.250.600 ملیۆن دینار تۆڕی كاره‌بای نیشتمانی ده‌گه‌یه‌نرێته چه‌ند گوندێكی ناوچه‌ی شارباژێڕ. عه‌بدولخالق محه‌مه‌د سه‌رپه‌رشتیاری پرۆژه‌كه له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند: به‌گوێره‌ی پلانێكی داڕێژراو له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی كاره‌بای نیشتمانی و رووناكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م گونده‌كانی كوردستان، كاره‌بای نیشتمانی ده‌گه‌یه‌نرێته چه‌ند گوندێكی ناوچه‌ی شارباژێڕی سه‌خت كه بۆ یه‌كه‌مجاره كاره‌با ده‌گه‌یه‌نرێته ئه‌و ناوچانه. پرۆژه‌كه‌ش بریتیه له‌گه‌یاندنی كاره‌بای نیشتمانی بۆ هه‌ریه‌ك له‌گونده‌كانی (سه‌ركه‌ند، كوڕه‌داوێ، كونجرین، ساكه‌ڵ، كانی وه‌یسه، چنگیان، كانی سارد)ی ناوچه‌ی شارباژێڕ كه له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام ده‌درێت، وتیشی: پرۆژه‌كه پێكدێت له‌دانانی 604 عه‌مودی ته‌وژم به‌رز (هایتێشن) و 120 عه‌مودی (9 مه‌تری)و راكێشانی 39 كم ته‌لی كاره‌با، 60%ی پرۆژه‌كه ته‌واوبووه‌و ماوه‌ی ئه‌نجامدانیشی 120 رۆژه‌و له‌لایه‌ن كۆمپانیای ژیكاڵ-ه‌وه جێبه‌جێده‌كرێت. شایانی باسه سه‌رجه‌می ئه‌و گوندانه پێشتر له‌ڕێی موه‌لیده‌ی حكومییه‌وه كاره‌بایان بۆ دابینكراوه.
|